شاعیر: شێخ محەممەدی حیلمی
کتێب: دیوانی شێخ محەممەدی حیلمی
سەرناو: ئەی مامەی جووتیار نەخوێندەواری

ئەی مامەی جووتیار نەخوێندەواری
ڕۆژ تا ئێوارە ماندوو و غەمباری

بە ڕۆژ جووت ئەکەی بە گەرمای تەمووز
ڕوومەت سووتاوی ڕەش وەک خەڵووز

خواردەمەنیشت زەڕات و گاڵە
ژیانێ وا بێ بوونی مەحاڵە

بۆ چی وا ڕووتی جلت دڕاوە
هەموو ئەندامت لەبەر هەتاوە

گەرمایی هاوین زەهرە بۆ ئینسان
نەخۆش ئەکەوی ئەبی پەرێشان

ماڵ و منداڵت ئەمێنێ بێ کەس
کەس نانیان نادا مەگەر فەریاد ڕەس

ئەمیش واسیتەی جەهل و نەزانی
بۆت بەیان ئەکەم ئەگەر ئینسانی

خۆت کەڵکت نەما عومرت تێپەڕ بوو
خوێندن بۆ پیری وەک تۆ بەسەر چوو

گەر کوڕت هەیە بیخەرە مەکتەب
با خوێندەوار بێ زانا و بەئەدەب

فەرق بە چاکە و خراپە ئەکا
بە کردەوەی چاک نان پەیدا ئەکا

خۆی ناسووتێنێ بە گەرما و هەتاو
وەک تۆ پێخۆری نابێ نان و ئاو

مامە گوێ گرە! لەم نەسیحەتە
بۆ ناتەواویت جەرگم لەت لەتە